بەشی نێودەوڵەتی: مێگان بۆدێت لەو لێدوانەدا بە ئاماژە بە قۆناغی هەستیاری کوردەکانی سووریا لە نێوان دەرفەت و هەڕەشەدا، وتی: لە لایەکەوە پێگەی سیاسیی کوردەکان لە پاش قەیرانی فیرقەیی و لاوازبوونی دەوڵەتی ناوەندی دیمەشق بەرزتر بۆتەوە و لە لایەکی ترەوە لە گەڕانەوەی مۆدێلی ناوەندخوازی و تەرکیزی هێز لە دیمەشق دەترسێن.
گۆڕانی گوتاری سیاسی دیمەشق
بۆدێت وتیشی: ئەگەرچی دەوڵەتی کاتی ئەحمەد شەرع دژی فیدراڵیزمە، بەڵام بۆ یەکەمجار لەبارەی "ناوەندسڕینەوەی ئیداری و سیاسی" بەشداری دانوستانەکان بوو و تەنانەت ئەمریکاش کە پێشتر دژی هەر جۆرە دابەشبوونێکی هێز لە سووریا بوو، ئەوڕۆ باس لە "مۆدێلی دانوستانبۆکراوەی لامەرکەزییەت" دەکات و ئەم دوو هەنگاوە وەک گۆڕانکارییەک لە گوتاری دیمەشق دەتوانن ڕێخۆشکەر بن بۆ بەشداریی کوردەکان لە پێکهاتەی سیاسیی سووریا.
مەترسیی کشانەوەی ئەمریکا
ئەم توێژەرە ئەمریکاییە بە ئاماژە بە هێورتربوونەوەی دۆخی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لە پاش بڕیاری هەڵوەشانەوەی پەکەکە و ئاگربڕی نافەرمی لە تورکیا، زیادی کرد: هێشتا نامتمانەیی مێژوویی کوردەکان بە دیمەشق هەر لە جێی خۆیەتی و ئامادەبوونی هێزەکانی ئەمریکایی لە کوردستانی سووریا، دەتوانێ وەک "گەڕەنتییەکی لانیکەمی ئەمنی" وێنا بکرێت و هەر جۆرە کشانەوەیەکی بەپەلەی ئەو هێزانە دەتوانێ دووپاتکەرەوەی سناریۆی 2019 بێت.
کەمینەکان یان پێکهاتەکان؟
ناوبراو لە درێژەدا بە ئاماژە بە بەکارهێنانی چەمکی "پێکهاتە" لە گوتاری سیاسیی کوردەکان لە بری "کەمینەکان"، جەختی کرد: کوردەکان بەمکارە هەوڵ دەدەن هەموو گرووپە ئیتنیک و مەزهەبییەکان وەک هاوپەیمانانی یەکسان لە داهاتووی سووریادا بناسێنن. هاوکات ئەم گۆڕینی زاراوەیە هەوڵێکە بۆ تێپەڕین لە چەمکی پەرواێزێتی بەرەو هاوبەشیی نیشتمانی و ئەمە نیشاندەری لێهاتوویی و شارەزایی سیاسی کوردەکان لە پێشخستنی کاروباری خۆیانە کە لە پاش چەندین ساڵ دانوستان و حکوومەتی خۆبەڕیوەبەرانە فێری بوون.
ئاستەنگەکانی بەردەم ئیدارەی خۆسەر
بە بڕوای ئەم شرۆڤەکارەی ڕێکخراوی ئاشتی کوردەکان لە واشنتۆن ئەلمانیتۆر، لە پەنای دەرفەتەکاندا، ئیدارەی خۆسەری کوردی بەرەوڕووی ڕەخنەگەلی زۆر جیدی بۆتەوە و هەر ئێستا لە ناوچەگەلی عەرەبنشینی وەک دیرەزور ئەم ڕەخنەیانە بە ئاشکرا باس لە دابەشکاریی نایەکسانی هێز و پشتگوێخرانی ڕۆڵی هۆز و تایفەکان دەکەن و ئەمانە خاڵی لاوازین بۆ ئیدارەی خۆسەری کوردی و دەتوانن بیانوو بدەنە دیمەشق و ئەنقەرە بۆ لاوازکردنی شەرعیەتی کوردەکان.
ڕۆڵی ئەکتەرانی ناوچەیی
مێگان بۆدیت لە درێژەدا باسی لە پەرەستاندنی چالاکیی ئەکتەرانێکی عەرەبیی وەک عەرەبستان، ئیمارات و ئۆردۆن بە هاوتەریبیی ئەمریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد و ڕایگەیاند: ئەم ڕەوتە هەم دەتوانێ پاڵپشتیی دیپلۆماتیکی بۆ کوردەکان بەدواوە بێت و هەمیش بە مانای سنووردارکردنی دۆز و ویستی کوردەکان تا ئاستی فەرهەنگی و ئیدارییە.
لامەرکەزییەت یان ناوەندخوازیی دیمەشق
ناوبراو لە کۆتاییدا جەختی لە پێگەی نادیاری کوردی سووریا لە داهاتووی سیاسیی سووریا کرد و ڕاشیگەیاند: ئەگەر ئەوان بتوانن لە سەر مۆدێلی ڕاستەقینەی ناوەندسڕینەوە ڕێک بکەون و هاوکات لاوازییە ناوخۆییەکانیان چاکسازی بکەن، پێگەی سیاسی و دامودەزگاییان تۆکمەتر دەبێت، بەڵام لە ئەگەر ملدان و پاشەکشێ بەرەو پێکهاتەی ناوەندخوازی دیمەشق، مەترسیی دەستپێکردنەوەی ڕەوتی هەڵاواردن و شەڕ و تێهەڵچوون هەیە.
Your Comment